کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  یادی ٢٩ ساڵەی تاوانی کۆمەلکوژی گوندی کورێمێ
یادی ٢٩ ساڵەی تاوانی کۆمەلکوژی گوندی کورێمێ          

٢٩ ساڵ لەمەوربەر لە ٢٨-٨-١٩٨٨ رژێمی لەناوچوو تاوانێکیتری خستەسەر کۆی ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە گەلی کوردستان ئەنجامی دابوون، لەچوارچێوەی پرۆَسەی بەدناوی ئەنفالدا و لە قۆناغی ھەشتەم و کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا کە سنوری بادینانی گرتوە گوندی کورێمی لەو رۆژەدا تاوانێکی درندانەی رژێمی بەخۆیەوە بینی، ھاوشێوەی پرۆسەکانی تر و بە بەرنامەیەکی دارێژراو پیاوانی رژێم خەڵکی بێ چەک و دیفاعی گوندی کورێمێان لە دەڤەری دوسکی کۆ کردەوە و ژن و منداڵ و پیاو و پیر و پەرکەوتەیان لێک جیاکردەوە و لەبەردەم کەس و کاری و خەڵکی کوند ٣٣ لە پیاوانی ئەو گوندەیان بە درندانەترین شێوە گولەباران کرد، لەو کۆمەلکوژیەدا ٦ کەس رزگاریان بوو ھەروەک خۆیان باسی دەکەن تا تاریکی شەو بەبرینداری لەناو لاشەی شەھیداندا خویان حەشار داوە و دواتر بە برینداری رزگاریان بوو، یەک لەو رزگار بوانە دواتر دەکەوێتەوە دەست رژێم و لە قەلای نزارکێ ھەروک دیلەکانی ئەو قەلایە باس دەکەن بە شێوەیەکی زۆر درندانە بە بلوک و دار شەھیدی دەکەن.

دوای راپەرێنە مەزنەکەی ١٩٩١ روفاتی پیرۆزی ئەو شەھیدانە لە گۆرێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە و دواتر ھەر لە گوندی کورێمێ بەخاک سپێدرانەوە و ئەو چەند رزگار بووەش بوونە شاھید حالێکی زیندووی پەراوی دادگای باڵای تاوانەکان، ئەو کەیسەی بووە ھاندەر و پشتیوانێکی بەھێز تاکو کەیسی ئەنفال لە دادگای بالای تاوانی عیراق وەکو جینوساید بناسرێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر لە کەیسەکانی تر و لە قوناخەکانی تری ئەنفالدا سەرانی رژێم بەھانەیان شەری ٨ ساڵە بوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەیان گوت خەلکی کوردستان دەستی دوژمنیان راکیشاوەتە ناو سنور و پشتوانی ئیرانیان کردوە، ئەوە کاتی رژێم ئەو تاوانەی ئەنجامدا رێکەوتنی کۆتایی ھاتنی شەر ژمارە ٥٩٨ لەگەڵ ئیراندا ئیمزا کردبوو،

لە چوارچێوەی پرۆسەکانی ئەنفالدا ١٣ کەس بەشێوەیەکی سەرسورھێنەر ھەروەک لەسەر زاری تەیمور و فەرەجی تۆبخانەو ئەوانی تر دەکێرنەوە رزگاریان بووە خوا ژیانێکی نوێ بۆ نووسون تاکو ببنە شاھید حاڵی ئەو تاوانە گەروەرەیی کە دادگای بالای تاوانەکانی عیراق بێ ھاوتا و بێ وینە ناوی دەبات.

تاوانێکی لەو جۆرە ھەردەم لە ھزر و بیری نەتەوەکەمان بە زیندووی دەمێنێتەوە و ھاندەرمان دەبێت بۆ ھەوڵ و تێکۆشان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانمان و بەدی ھێنانی ئاواتی شەھیدان و زیاتر خزمەت کردنی کەس وکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و ھاندەرمان دەبێت بۆ زیاتر شەونخونی لەپێناو خۆشگوزەرانی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانمان.

درود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی گوندی کورێمێ وسەرچەم شەھیدانی پرۆسەکانی ئەنفال و شەھیدانی کوردستان.

سڵاو بۆ رزگار بوانی کۆمەلکوژی کورێمی و پرۆسەکانی ئەنفال.

PUKmedia تایبەت

ژمارەی بینین:  280      بەروار:  06/09/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.