کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  نەتەوە یەکگرتووەکان: نیگەرانین لە توندوتیژییەکانی کەرکوک و دوزخورماتوو

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنج شەممە نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە تاڵان و وێرانکاری ماڵان و شوێنەکانی کار و بارەگای پارتە سیاسیەکان دەردەبڕێت کە لە دوای سەرھەڵدانی توندوتیژییەکانی ئەمدواییەی ناوچە جێناکۆکەکان ‌بووەتە ھۆی ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنی.

 لە ڕاگەیەندراوێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە "نەتەوە یەکگرتووەکان ھەواڵی سوتاندنی نزیکەی ١٥٠ خانووی لە توزخورماتو لە ١٦-١٧ی ئەم مانگە لەلایەن کۆمەڵە چەکدارەکانەوە بەدەست گەیشتووە لەگەڵ وێرانکردن و تەقاندنەوەی ١١ خانووی تری خەڵک و بەرپرسی کوردی پارتە سیاسییەکان و ھەروەک چۆن باس لە ھێرشیش دژی نوسینگەی پارتە تورکمانییەکان لە پارێزگای کەرکوک دەکرێت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی کردووە بە دانپێدانانەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بەو ڕوداو و توندوتیژیانە، کە لەلایەن ھەردولاوە ئەنجامدراون، ھەروەھا بڕیاریش بۆ ناردنی سوپای عێراق بۆ ھێوکردنەوەی رەوشی خورماتوو و پاراستنی ھاووڵاتیان و سەروماڵیان لەلایەن سوپای عێراقەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەر بگرێت بەو توندوتیژیانە و پاراستنی ھاووڵاتیانی مەدەنی و پەلکێشکردنی ئەو کەسانەش بۆ بەردەمی دادگا کە توندوتیژییان دەرھەق بە ھاووڵاتیانی مەدەنیو سەروماڵیان ئەنجامداوە.

ئەو داوایەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای خورماتوو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان بڵاویانکردەوە، لە قەزاکە ھێرشکراوەتە سەر ھاووڵاتیانی مەدەنی و سووتاندنی خانووماڵیان و ئاوارە بوونیان بۆ دەرەوەی قەزاکە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان بەھۆی توندوتیژییەکانی خورماتوەوە ٨٠٠ خێزان ئاوارەی دەرەوەی قەزاکە بوون.

دوێنێش ١٨ی تشرینی یەکەم حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندارەکانی لە شاری کەرکوک ڕاسپارد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە ڕقلێبوونەوە و رەگەزپەرستی لە گرتەی ڤیدیۆیی ساختەدا بڵاودەکەنەوە و ئاماژەی بەوەشکرد جگە لە ھێزەکانی پۆلیس و دژەتیرۆی عێراق ڕێگە بە ھیچ ھێزێکی دیکە نادرێت لە شارەکەدا.

عەبادی جەختیکردووەتەوە لەوەی کە ئاسایش و ئارامی لە شاری کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی پۆلیسی ناوخۆیی و بە پشتیوانی دەزگای دژەتیرۆر بەرقەرارە و فەرمانیکردووە بە ڕێگریکردن لە بوونی ھەر گروپێکی چەکداری دیکە لە پارێزگاکەدا.

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ١٧ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانی کەرکوک ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە، کە بە ناوی حەشدی شەعبییەوە دەستیانکردووە بە پشکنینی ماڵان، ھاوکات ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگا و ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی سەردانێکی مەیدانییان بۆ ناوچە کوردییەکان ئەنجامدا بەمەبەستی دڵنیایی ھاووڵاتیان و نەبوونی دیاردەی پشکنین و شکاندنی دەرگای ماڵان.

NRT 
ژمارەی بینین:  234      بەروار:  20/10/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.