کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ئەمستی ئینترناشناڵ راپۆرتێک لەسەر ڕووداوەکانی توزخورماتو بڵاو دەکاتەوە

ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لەبارەی ڕووداوەکانی دوزخورماتووەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو لە قەزاکە وێران بووە.

ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھێرشی بەمەبەست بۆ سەر ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانی دوزخورماتوو، بەلایەنی کەمەوە ١١ ھاوڵاتی کوژراون و سەدان ماڵ و موڵکی ھاوڵاتیان تاڵانکراوەو سوتێندراوە و خاپوورکراوە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکیدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە، ڕێکخراوی ئەمنیستی نێودەوڵەتی وێنەی مانگی دەستکرد و ڤیدیۆ و وێنەی ئاسایی و دەیان شایەتی کۆکردووەتەوە، کە ئاماژەن بۆ ئەوەی ھاوڵاتیانی دوزخورماتوو بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی عێراق بە پشتیوانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، ناچارکراون ماڵەکانیان جێبھێڵن.

لین مەعلوف، بەڕێوەبەری توێژینەوەی بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند، "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ژیانی چەندین ژن و منداڵ و پیاو کە لە ژماردن نایەن، لە قەزای دوزخورماتوو وێران بووە، ھەزاران کەس لە قەزاکە ماڵ و دوکان و ھەرچیەکیان ھەبووە لەدەستیان داوە، ئێستاش لە کەمپ و گوند و شارەکانی دەوروبەری قەزاکەیان بڵاوبوونەتەوە و نازانن کەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان ".

لین وتیشی "بەرپرسانی عێراقی ڕایانگەیاندووە کە ھیچ ھێرشێک لە دژی ھاوڵاتیانی مەدەنی قبوڵ ناکەن و ئەو کەسانەی بەرپرسن لە ھێرشکردن بە سزا دەگەیەنرێن، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو وتەیە بکرێت بە کردار و لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لەو توندوتیژیانە ئەنجامبدرێت، ھەروەھا قوربانیەکان قەرەبووی تەواو بکرێنەوە و کەسانی بەرپرس بە سزا بگەیەندرێن".

ڕێکخراوەکە باسی لەوەکردووە، کە لە نێوان ١٨ بۆ ٢٣ ی تشرینی یەکەمدا شایەتی لە ٤٢ ئاوارەی دوزخورماتوو وەرگرتووە، ھەروەھا بە گوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆ و وێنانەی مانگی دەستکرد کە ھاوڵاتیان گەیاندوویانەتە ڕێکخراوەکە، ئەو زیانانە دەردەکەوێت کە بەر ماڵ و موڵکی ھاوڵاتیانی مەدەنی قەزاکە دەکەوێت بەھۆی سوتان و تاڵانکردنیانەوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، ئەو ھاوڵاتیانەی لە قەزاکەدا ماونەتەوە لەگەڵ ئەو ئاوارانەی کە قەزاکەیان جێھێشتووە و دواتر ھەوڵیانداوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، باس لەوەدەکەن کە چۆن ھێزەکانی عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی تورکمان و ھاوڵاتیانی تورکمان دەستیان لە تاڵانکردن و سوتانی ماڵی ھاوڵاتیاندا ھەبووە.
NRT
ژمارەی بینین:  201      بەروار:  25/10/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.