کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  تاوانەکانی دوزخورماتوو لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە
تاوانەکانی دوزخورماتوو لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە
        ئاوارە حسێن

لە ڕوداوەکانی (١٦/١٠/٢٠١٧) کە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆ سەر ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوە تازە ئازادکراوەکان ئەنجامیاندا، ناحیەی تازە، دووزخومارتوو، داقوق، قەرەتەپە، بنکەی سەربازیی کەیوان، فڕۆکەخانەی کەرکوک، کۆمپانیای غازی باکوور و چەند شوێنێکی تری شاری کەرکوکیان گرت و لە شەڕەکانی ئەوڕۆژەدا نزیکەی (٨٠) ھەشتا پێشمەرگەو شەھید و برینداربوون.
ڕۆژی دواتر و لەبەردەوامی ھێرشەکانیاندا لەدوای ئەوەی کە بڕیاربەدەستانی باشوورھێزەکانی پێشمەرگە دەکشێننەوە، ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەستدەگرن بەسەر خانەقین، جەلەولا، مەخمور، دوبز، کێڵگە نەوتییەکانی ھاڤانا و بای حەسەن، گوێر، باشیک، شەنگال و بەنداوی موسڵ. بەمانایەکی تر تەسلیمکرا و ئەو خوێنە گەشەی کە لە جەستەی ھەزاران پێشمەرگەو گەریلا چۆڕا بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە لە دەستووری عێراقدا ناویانا ناوچەی کێشە لەسەر و  داعش داگیرکردبوو بەفیرۆ ڕۆشت. سەلماندیان کە بۆ ھەمیشە ئامادەن کوردی خێر لەخۆنەدیو و خاکەکەی بەبێ نرخ یان نرخێکی کەم بفرۆشن.
لەپاش ئەو ڕوداوانە حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانی لەو ناوچانەدا چەندین پێشێلکاریی یاساییان ئەنجامدا بەتایبەتی لە شارۆچکەی دوزخورماتوو کە پێشێلکارییەکان گەشتوونەتە ئاستی تاوانی نێودەوڵەتی.

ھەڵسەنگاندنی یاسایی تاوانەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانی
لێرەدا ھەوڵ دەدەین بە کورتی ئاماژە بکەین بەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی کە ئەنجامدراوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی یاسایی تاوانەکان کە لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا دەچێتە چوارچێوەی چی تاوانێکەوە.
آ/ تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی
 دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی بەگوێرەی بڕگەی (١)ی ماددەی (٧)ی یاساکەی،  تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی ڕیزبەند کردووە، کە ئەگەر ھاتوو ھەرکاتێک ئەنجامدرا لەچوارچێوەی ھێرشێکی بەرفراوانی ئاراستەکراو و پلان بۆ داڕێژراودا، دژی کۆمەڵێک لەدانیشتوانی سڤیل وە زانیاری بەو ھێرشانە ھەبێت، ئەوا دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتییەوە. ئەو کردارانەش کە بەگوێرەی ھەمان بڕگە و ماددەی ئاماژەبۆکراو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و لەدژی ھاووڵاتیانی دوزخورماتوو ئەنجامدراون بریتین لە (کوشتن، ئەشکەنجەدان، دورخستنەوە یان گواستنەوەی دانیشتوان بە زۆر، دەستدرێژیکردنە سەر ناموس).
بەپێی ئامارەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە قەزای دوزخورماتوو نزیکەی (١٠) کەس کوژراون کە سیانیان سڤیل بوون، (٤١) کەس ئەشکەنجەدراون، و (٤) ژن دەستدرێژی کراوەتە سەریان.

ب/ تاوانەکانی جەنگ
دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی، بەگوێرەی بڕگەی (٢)ی ماددەی (٨)ی یاساکەی، تاوانەکانی جەنگی پێناسە کردووە. کە بریتین لە پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ. پێشێلکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکانی (ژنێف)ی (١٢/٨/١٩٤٩). ئەو کردارانەی کە دەچنە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگەوە و لەدژی ھاووڵاتیانی دوزخورماتوو ئەنجامدراون، بریتین لە (کوشتنی بە مەبەست، ھێرشی بەمەبەست و ئاراستە کراو دژی دانیشتوانی سڤیل یان کەسانی سڤیل کە ڕاستەوخۆ لە کردارە جەنگییەکاندا بەشدار نەبوون، وێرانکردنی فراوان و لە ڕادەبەدەری موڵک و ماڵ و دەست بەسەراگرتنیان بەبێ پاساوی پێویستییەکی سەربازیی وە بەشێوەیەکی لادەرلە یاسا و بەڕێگایەکی گێرەشێووێنانە، ھێرشی بە مەبەست و ئاراستە کراو دژی دانیشتوانی سڤیل یان کەسانی سڤیل کە ڕاستەوخۆ لە کردارە جەنگییەکاندا بەشدارنەبوون، ھێرشی بە مەبەست ئاراستەکراو دژی ئامانجە سڤیلییەکان لەوانە ئەو شوێنانەی کە ئامانجی سەربازیی نین، وێرانکردن یان دەست بەسەردا گرتنی موڵک و ماڵی دانیشتوانی سڤیل، تاڵانکردنی ھەر شارێک یان شوێنێک ئەگەرھاتو بەزۆریش دەستی بەسەردا گیرابێت).
ھەربەپێی ئامارەکان و لێدوانی ھاووڵاتییە ئاوارەبووەکانی دوزخورماتوو نزیکەی (٧٠،٠٠٠) حەفتا ھەزار کەسی قەزاکە ھەڵھاتوون و ئاوارەبوون، ئێستا زۆرینەیان لە شاری کەلار و بەشێکی تریشیان لە کامپ و لە سلێمانی و ھەولێر و ھەڵەبجەن. و ناتوانن بگەڕێننەوە شارۆچکەکەیان و بەھۆی دڵنیا نەبوون و نەبوونی گەرەنتی پاراستنی ژیان و کەرامەتیان. ھەروەھا نزیکەی (٢،٠٠٠) دوو ھەزار ماڵی ھاووڵاتیانی کورد تاڵانکراون، (٤٠٠) چوار سەد ماڵی تر سوتاون و (٥٠) پەنجا ماڵ تەقێنراونەتەوە و (٥٠٠) دوکانیش تاڵانکراون و دواتر سوتێنراون.
لەئەنجامی ناساندنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و بەراوردکردنی بە تاوانەکانی دوزخورماتوو، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانی و بەشێک لە سوپای عێراق لە قەزای خورماتوو ئەو دوو جۆرە تاوانە نێودەوڵەتییەیان ئەنجامداوە.

ج/ جینۆساید
جینۆساید بەگوێرەی ماددەی (٢)ی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسادید و سزا خستنەسەر تاوانکارانی، ھەروەھا ماددەی (٦)ی یاسای  دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی. تاوانی جینۆساید بەپێنج شێواز ئەنجامدەدرێت، ئەوانیش بریتین لە (کوشتن- ئەشکەنجەدانی ھزری و جەستەی- دانانی قوربانیان لە ژیانێکی سەختدا- ڕێگیرکردن لە زاوزێ و زۆربوون- ڕاگواستنی منداڵ بەزۆر) بەمەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی، یان نەژادی، یان ڕەگەزی، یان ئاینی.
کەواتە لێرەدا دەبێت گروپی تاوانکار نیاز و مەبەستی لەناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپی بەئامانجکراوی ھەبێت، جا بە ھەر شێوازێک بێت لەو پێنج شێوازەی جینۆساید، و دەبێت گروپی تاوانکار و گروپی بەئامانجکراو (قوربانی) لەیەکتر جیاوازبن لە ڕوانگەی نەتەوەیی، یان نەژادیی، یان ڕەگەزیی، یان ئاینی.
لەتاوانەکانی دوزخورماتودا کردارەکانی کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕاگواستنی ھاووڵاتیان بونی ھەیە. ئەنجامدەری تاوانەکان عەرەب و تورکمان و بوون و قوربانییەکانیش کوردن. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بۆ ئەوەی ئیمە بتوانین لەڕووی یاساییەوە پەسنی جینۆساید بە تاوانەکە بدەین دیاریکردنی نیازی تاوانکارانە. کە ئایا حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمان و سوپای عێراق  بەتەنھا مەبەست و نیازییان ئەوە بووە کە ھاووڵاتییە کوردەکانی دوزخورماتوو لەناوببەن؟ گەر ئەو مەبەست و نیازە تاوانکارییە  بەدەستبھێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین تاوانەکانی دوز خورماتوو لە تەنیشت ئەوەی کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگن، لە ھەمانکاتیشدا تاوانی جینۆسایدن.
ژمارەی بینین:  166      بەروار:  16/12/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.