کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  هیچ پاساوێک بۆ کوشت و بڕو ڕفاندنی خۆپیشانده‌ران نییه‌
بەیاننامەی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید - چاک بە بۆنەی   دەسگیرکردنو کوشتنی  خۆ پیشاندەران :

ھیچ پاساوێک بۆ کوشت و بڕو ڕفاندنی خۆپیشاندەران نییە 

وەک ھەموو ئاگادارین لە چەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندان لە چەندان شار و دەقەری باشوری کوردستان سازکرا، کە ئامانج لێی وەرگرتنی موچە و بەدەستھێنانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا ھەندێک داواکاری ڕەوای تر بوو. دیارە ئاشکرایە خۆپیشاندان لە سەرجەم دەستور و جارنامە جیھانییەکانی مافی مرۆفدا مافێکی جێگر چەسپاوە.
بەداخەوە دوو حزبە سەرەکییەکەی دەستەڵاتی باشور وەک پیشەی ھەمیشەییان لە بارەگاکانیانەوە کەوتنە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و تا ئێستا ٥ ھاووڵاتی لە ڕاپەرین و یەکێکیش لە کۆیە بوونەتە قوربانی، جگە لە دەیان برینداری تر، کە زۆربەی ھەرە زۆریان بە گوللەی ھێزە ئەمنی و پاسەوانی بارەگاکان پێکراون.

لەکاتێکدا ھیواخوازبوین خۆپیشاندەران بەھیچ شێوەیەک  پەنایان بۆ شێوازی توندو تیژی نەبردایە، بەڵام بەرد فرێدان و تەنانەت سوتاندن و تێکدانی بارەگا حزبییەکانیش لە لایەن گەنجانی بێکار و موچە و بێھیوا و نائومێد لە ژیان و گوزەرانیان، ھەرگیز نابێت ببێتە پاساوی تەقەکردن و کوشتوبڕ و رفاندنی خۆپیشاندەر و چالاکوانان. تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران بە (دەستی دەرەکی) و (ھاندراوانی ئەم حزب و ئەو لایەن) ھیچ نییە جگە لە پاساوھێنانەوە بۆ کوشتوبڕ و ئازاردانی خۆپیشاندەران و چالاکوانان، دەستەڵاتی باشور پێویستە فێربێت گوێ لە خەڵکی ناڕازی و بێ موچە و مافخوراو بگرێت، ئەگینا چارەنوسی لە رژێمەکانی قەزافی و بن عەلی و موبارەک باشتر نابێت.

 ئێمە وەک چاودێری کوردۆساید – چاک زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو کارە پڕ لەتاوانەی ھێزە چەکدارەکانی یەکێتی و پارتی دەکەین کە بەو شیوازە ھۆڤیانە مامەڵەیان لەگەل خۆپیشاندەران کرد و کۆمەلکوژیەکیان بۆ خەلکی قارەمانی باشور ئەنجامدا، چونکە بەپێی ھەموو مافێکی مرۆیی ھەموو دام ودەزگا چەکداریەکان بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەرانیش بوایە، دەبوایە تەقە بۆ ئاسمان بکەن و ھەرگیز فیشەک بە ئاراستەی شەھییدبونیان نەکرێت. ھاوکات ئەو سەرکوت و ھەڕەشە و چاوسورکردنەوانەش کە لە ناوچەی زەرد بە ئامانجی سازنەدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت لە قاو دەدەین، ھەرگیز دەستەڵات ناتوانێت تا سەر بەم جۆرە ڕەفتارانە دەنگی ھەقوازانە و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک پشتگوێ بخات. لامان وایە کە حکومەتی ھەرێم دوای شکستەکانی رابردووی و بەم تاوانەش ئەوەندەی تر کەلێنی نێوان خۆی و گەلی باشوری فراوانتر کرد، بە جۆرێک خەریکە ڕەوایەتی خۆی بەتەواوی لە دەست دەدات.
 بە داخەوە پارتی و یەکێتی، کە بەرپرسی یەکەمن لە نەدانی موچە و کەمتەرخەمی لە خزمەتگوزاریییەکان و لە ھەمووش خراپتر لە دەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی باشور پێش دوو مانگێک، بەردەوام  بەرامبەر خەڵکانی نارازی و خۆنیشاندەر کەلتورێکی زۆر مەترسیداری دژە دیموکراسی دەگرێتە بەر ، بۆیە ئێمە بەتوندی ئەو رەفتارانە ئیدانە دەکەین و داوا دەکەین لێژنەیەکی بێلایەن لەدەرەوەی ئەم  دوو پارتە بۆ بەدواچون بەرامبەر ئەو تاوانانە بێتە ئاراوە .

ئێمە وەک چاودێری کوردۆساید، بە وردی چاودێری رەوشی شارەکانی باشوردەکەین و سەرجەم تاوان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەرھەق بە خۆپیشاندەران بە بەڵگەوە دەگەیەنینە پەرلەمان و حکومەتی وڵاتانی ئەوروپا و جیھان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

لەکۆتایشدا پرسە وسەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەھیدانی خۆپیشاندانەکان دەکەین و ھیوای چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین و ھیوادرین خۆپیشاندەرانیش لەبڕی پەنابردن بۆتوندوتیژی بە شیوازی مەدەنیانە خەباتی جەماوەری خۆیان پەرە پێ بدەن و دەزگا ئەمنیەکانیش گیانی ھاولاتیانی کوردستان بپارێزن.


چاودێری کوردۆساید - چاک


٢٤/١٢/٢٠١٧
ژمارەی بینین:  151      بەروار:  
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.