کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  دزینی مافە هزرییەکانم

دزینی مافە هزرییەکانم

ئاوارە حسێن

تا ئێستا ئەوەی کە پێم زانیبێت و ئاگاداریان کردبێتمەوە پێنج نوسینی منیان بردووە و بەبێ ئاماژەکردن بەناوم وەک سەرچاوە، لە پەیجەکان و لەهەندێ ئەکاونتدا بەناوی خۆیانەوە وەک وتاری تایبەتی خۆیان دەرخواردی خوێنەریان داوە. دزینی مافی هزریی بەگوێرەی یاسا تاوانە جا هەرکەسێک بیکات. بەڵام ئەوەی زۆر مایەی تێڕامانمە ئەوەیە ئەوانەی کە نوسینەکانی منیان بردووە چواریان هەڵگری بروانامەی بەکالۆریۆس و ماستەرن لە یاسادا و ئەوی دیکەیان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ڕاگەیاندندا.

بۆ ئەوەی نوسینەکانم باشبوایە دەبوایە خوێنەرێکی بەردەوام و باشیش بوایام. هەربۆیە لە تەمەنی یانزە ساڵییەوە دەخوێنمەوە، بەڵام لە بیستەمین ساڵی تەمەنمدا بووم یەکەمین وتارم بڵاوکردەوە (شەستەمین ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەممەد). سەرەتا لە کتێبە ئاینییەکان و مێژووەوە دەستمپێکرد، لە ساڵی (٢٠٠٧)وە، لە تەنیشت ئەو دوو بوارەدا لە بواری یاسا بەگشتی و یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتی بەتایبەتی و جینۆسایدی کورد و مرۆڤایەتی بەتایبەتیتر دەخوێنمەوە.

گەر بتوانم بە نوسینەکانم خزمەتێک بکەم ئەوا وەک شێوازی تایبەتی خۆم وەک ڕێزێک بۆ خوێنەر لە بواری پسپۆڕیمدا دەنوسم، نەک هەموو بوارێک. لەوانەیە لە بواری پسپۆڕیشمدا بتوانم هەقی خۆیی پێبدەم نەک بوارەکانی تر. هەربۆیە پەیام و هەڵوێستە مرۆیی، یاسایی، ئاینی و نەتەوەییەکانی من تا ئێستا لە چوارچێوەی چوار کتێبەکەم و ئەو سەدان وتار و توێژینەوانەدایە کە بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی پێشکەش و بڵاومکردونەتەوە.

چی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەکانم و چی بۆ نوسینەکانم ڕەنجێکی زۆرمداوە و خۆم زۆر ماندوو کردووە و دەکەم، لە ئێستاشدا شەو ڕۆژێک نزیکەی شەش کاتژمێر لە بواری پسپۆڕییەکەمدا دەخوێنمەوە، بۆیە نوسینەکانم خۆشدەوێن و لەلام بەنرخن، چونکە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی قووڵ و بەردەوامە، هەرکەسێکیش بۆ بەدەستهێنانی شتێک ماندوو بوبێت قەدری دەزانێت. بەڵام ئەو کەسانەی بەبێ ماندووبون بەبێ پرەسنیپ و ویژدان شتێک بەدەستبهێنن بێبەهایە لایان.

ئەو نوسینانەی کە تا ئێستا پێم زانیون و دزراون لێرەدا ناونیشانی نوسینەکانم دادەنێم، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوانەی نوسینەکانیان دزی بووم پاش ئەوەی کە ئاگادارمکردنەوە پۆزشیان هێنایەوە و داوای لێبوردنیان لێکردم، بۆیە ئەمجارە دەیانبورم، نە ناویان دەهێنم نە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆماردەکەم.

یەکەم- لە (٢٠١٢/٦/٢٨) وتارێکی ڕەخنەیی توندم نوسی لەسەر ستەمەکانی ئەردۆگان دژ بە کورد. لەلایەن هاوڕێی ئەزیزم (کەیوان نەهرۆ سەعید)ەوە، ئاگادارکرامەوە لە دزینی وتارەکەم. دەبینم پەیجەکە تەنها ناوی ئەردۆگانی گۆڕیبوو بۆ مەسعود بارزانی و تەواوی وتارەکە بەبێ دەستکاریکردن و وەک نوسینی خۆی دابەزاندبوو.

دووەم- لە (٢٠١٢/١٢/١٧) وتارێکم لەسەر پێشەوا قازی موحەممەد و ڕۆژی ئاڵای کوردستان نوسی، کەسێک کە دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن بوو، تەواوی وتارەکەی منی لە ناو نوسینێکی خۆیدا جێکردبوەوە و وەک خۆی داینابو و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کردبوویەوە. کە ئاگادارمکردەوە، بەڕێزەوە وتی کە لە منی وەرگرتووە.

سێیەم- لە نیسانی (٢٠١٤) کتێبێکم (تاوانی جینۆساید لە یاسای نێودەوڵەتیدا) بڵاوکردەوە، پارێزەرێک ئەوەی تا ئێستا ئاگاداربم لە دوو وتاریدا کتێبەکەی منی بەکارهێناوە، بەبێ ئاماژەکردن پێی، پاش ئەوەی ئاگادارمکردەوە پۆزشی هێنایەوە و داوای لێبوردنی کرد کە ئاماژەی بە کتێبەکەی من نەکردووە. لەیەکێک لە وتارەکانیدا (..............) کە لە (...........) لە ماڵپەری ئەنفالستاندا بڵاوکراوەتەوە، کۆی وتارەکەی (٦٧٧) وشەیە، (٤٨٠) وشەی لە کتێبەکەی منەوە وەرگرتووە. واتە تەنها (١٩٧) وشەی هی خۆیەتی، ئەوەشی هی خۆی بووە، هەڵەیەکی یاسای گەورەی کردووە و نوسیویەتی (دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەرکی دووەمی دەکەوێتە سەر شان بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان) لە کاتیکدا دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی لە ڕووی پسپۆریی کاتەوە، دەسەڵاتی بینینی کەیسی شەنگالی نییە، چونکە دادگا بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی (١)ی یاسای دادگاکە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەدا دەکات کە لە (١٩٦٨/٧/١٧ بۆ ٢٠٠٣/٥/١) ئەنجامدراون، بەڵام جینۆسایدی شەنگال لە ساڵی (٢٠١٤)دا ئەنجامدراوە.

چوارەم- لە ئازاری (٢٠١٧) کتێبە نوێیەکەم (جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە) بڵاوکردەوە، کەسێک کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای گشتیدا، چەند جارێک داوای لێکردم بۆی بنێرم و زۆر پێویستییەتی، کتێبەکەم پێشکەشکرد، دواتر لە وتارێکیدا (..................) کە لە (............) لە ماڵپەڕی ئێن ئاڕ تی بڵاوی کردبوویەوە بەشێکی زۆری لە لاپەڕە (٦٠٢)ی کتێبەکەمەوە وەرگرتبوو کە تا کەکەسم ئەو بابەتەم باسکردبێت. کەچێ ئەو کەسە بەبێ ئاماژەکردن بە کتێبەکەی من وەک سەرچاوە، بەناوی خۆیەوە بڵاویکردبویەوە.

پێنجەم- لە (٢٠١٨/٦/٤) وتارێکم لەسەر (چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لە یاسای نێودەوڵەتیدا، لەبارەی گرتنەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێران)ەوە نوسی، لەلایەن خوێندکاری ئەزیزم (چێنەر سەلام)ەوە ئاگادار کرامەوە. نیوەی وتارەکەم لە پەیجێکی یاسایدا (.........) بڵاوکرابویەوە و نوسرابوو وەرگیراوە، بەبێ ئاماژەکردن بە ناوی من، پاش ئەوەی ئاگادارمکردنەوە داوای لێبوردنیان کردوو ئاماژەیان کرد کە لە (ئاوارە حسێن)ەوە وەرگیراوە.

مافی هزریی و بەرهەمی نوسراوی نوسەر لە یاسادا وەک شتێکی نامادی و سامانێکی مەعنەوی ناسراوە و مافەکانی بۆ نوسەر و دانەر دەگەڕێتەوە تا لە ژیاندا بێت، لەپاش مەرگیشی دەگوازرێتەوە بۆ میراتگرانی. هەربۆیە پێشێلکردنی ئەو مافە هزرییە بە کۆپیکردن، دابەشکردن، وەرگێڕان و هەموارکردنی پێشێلکاریی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە (٤٠)ی ساڵی (١٩٥١) و یاسای پاراستنی مافی نوسەران ژمارە (٣)ی ساڵی (١٩٧١)ە.

نوسینەکانم بۆ خزمەتی هەموان، هەقیقەت و مرۆڤایەتییە هیوادەکەم ناچارنەکرێم بۆ هەتا هەتایە واز لە نوسین بهێنم.
ژمارەی بینین:  734      بەروار:  30/07/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.