کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  پەیوەندی پارتە کوردیەکان لەگەڵ ئێران و بەرپرسیاریان لە تاوانی ژینۆسایددا
پەیوەندی پارتە کوردیەکان لەگەڵ ئێران و بەرپرسیاریان لە تاوانی ژینۆسایددا
پرسیار و وەڵام
ئامادەکردنی عەلی مەعمود
پرسیارەکان:
١-    ھێنانی ئێران و شەڕی ھاوبەشی لایەنە کوردیەکان و ئێران چ کاریگەریەکی لەسەر جینۆسایدکردنی کورد ھەبووە
٢-    تۆ وەکو لەو سەر و بەندە وەک ئەندامێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان چۆن پەیوەندی ئێران / سۆسیالیست ھەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەت بۆ ئەو چاڵاکیە ھاوبەشانەی ئەنجامیاندا؟
٣-    رێگە نەدان بە دەربازبوونی خەڵک و خۆڕزگارکردنیان لەلایەن لایەنەکانەوە، کە بووە ھۆی ئەنفالکردنی دەیان ھەزار ھاوڵاتی چۆن ھەڵدەسەنگێنن بەتایبەت لە ناوچەکانی ئەنفالی ٣ و ٤.
٤-    ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە ئەو لایەنانەی رۆڵیان ھەبووە، لەو کردەوانەی سەرەوە و تاڵانی برۆی خەڵک نمونە بانکی ھەڵەبجە داوای لێبوردن بکەن.

وڵامەکان لەلایەن شاخەوان شۆڕشەوە
ھێنانی ئێران و شەڕی ھاوبەشی لایەنە کوردیەکان و ئێران چ کاریگەریەکی لەسەر جینۆسایدکردنی کورد ھەبووە
سەرەتا گونجاوە ئاماژە بەوە بکەین کە بەرژەوەندی عەرەبی و ناسیونالیستانەی ئێراق لەژێر فەرمانڕەوایی بەعسیەکاندا پێشتر لەرێککەوتنامەی جەزاییر لە ساڵی ١٩٧٥دا شکستی خواردبوو، ھەروەکو شای ئێران بزوتنەوەی چەکداری ئەیلولی وەکو کارتی گەمەی بەرژەوەندیەکانی بەکارھێنا و توانی ئێراق ناچاری وازھێنان لە پارچەیەک خاک لە سنوری شەتولعەرەبدا بکات. رووخانی شا و کێشە ناوخۆییەکانی ئێران کە ئێرانیان لاوازکردبوو، دەرفەتی بەدەستھینناەوەی خاکی دۆڕاویان بە سەدام حوسێن پیشاندا و کەوایکرد ئێراق ھێرش بکاتەسەر ئێران و جەنگ ھەڵبگیرسێت. 
پێشتر بە رێککەوتنی جەزاییر بزوتنەوەی چەکداری کورد سەرکوتکرا. دوای ئەوە تێگڵانی کورد لە شەڕی نێوان ئێران و ئێراقدا لەسەرەتای ھەشتاکاندا کورتبینی  و ھەژاری سەرانی پارتە کوردیەکان پیشان دەدەن. چونکە ھەر ھەمان ئەو وڵاتە داگیرکەرانە بوون کە بزوتنەوەی چەکداری کوردیان بۆ خۆیان بەکارھێنا و دواجار کوردیان سەرکوتکرد. دووبارە خۆدانەدەستیان بۆ ئەو ستاتە داگیرکەرانە و ھاوکاریان لە شەڕدا، جگە لە زیان سوودێکی بۆ کورد نەبوو. ئەو شەڕە شەڕی بەرژەوەندیەکانی نێوان دوو وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆر بوو، تێگڵانی لایەنە کوردیەکان لەو شەڕەدا و لەنێوان دوو بەرداشی دژە کورددا، ھاڕینی بەرژەوەندیەکانی کوردستان بوو.
پێویستە ئەوە بیربخەینەوە، کە رژێمی بەعسی عەرەبی ئێراق رژێمێکی تووندرەو و دیکتاتۆری ئەتنۆناسیونالیستی پانعەرەبیست بوو و ھەوڵی تواندنەوەی ھەموو کەمەنەتەوە و گروپە ئەتنیەکانی لەچوارچیوەی نەتەوەی "عەرەبی بەعسیدا" دەدا. لای ئایدۆلۆژیای بەعس عەرەب بەبێ بەعسی بوون ناتوانێ پاکبێتەوە و ببێتە عەرەبێکی رەسەن. سەرانی تووندڕەوی بەعس ھەندێکیان وەکو مشیل عەفلەق کەمینەی کوردیان وەکو بەشێک لە نەتەوەی عەرەب دەبینی و لەم رێگەیەوە ھەوڵی تواندنەوەیان لە چوارچێوەی بەعسیزمدا دەدا، ھەندێکیان وەکو سەدام حوسێن و عەلی حەسەن پێیانوابوو کەمینەی کورد جێگەی متمانە و بڕوا نییە و دەبێ لەناوببردرێت. دیارە ئایدۆلۆژیای بەعس لەناوببردنی ئەوانەی کە دژی شۆرشی بەعسی عەرەبی بەجۆرێ لەجۆرەکان دەوەستنەوە رەوادەکرد. دوای سەرکوتکردنی بزوتنەوەی چەکداری کورد لە ١٩٧٥دا رژێمی ئێراق وەکو یەکەم ھەنگاوی گرنگ دژی کورد ھەموو گوندنشینەکانی نزیک سنوری ئێران و تورکیا راگواست و لە کورد پاکی کردنەوە. پرۆسەی راگواستن بۆ شارە عەرەبیەکانی خوارووی ئێراق بەخەستی پیادەکرا، پۆلیتیکی پاکتاوی رەگەزی و بەعەرەبکردن لە ھەموو ئاستێکدا ھەبوو. بۆیە پرۆسەی تواندنەوە و لەناوبردنی کورد لە ئێراقدا بەر لە شەری ئێراق و ئێران دەست پێدەکات. 
پەیوەندی نێوان لایەنە کوردیەکان سەرەتا پ.د.ک و پاشان ئەوانیتر لەگەڵ ئێران و ھاوکاری ئێران لە شەڕی ئێراق و ئێراندا بەیەکێ لەو فاکتەرە ھاندەرانە دادەندرێت کە رێگەیان بۆ ژینۆسایدی کورد خۆشکرد. بەلام فاکتەری بنچینەیی و سەرەکی نەبوو. فاکتەرە سەرەکی و گرنگەکان کە ھۆکاری روودانی گەلکوژی بوون بریتی بوون لە: ئایدۆلۆژیای توندڕەوی ناسیونالیستانەی عەرەبی بەعسیزم، فراوانخوازی بەعسیزم، بوونی سەرکردەی تووندڕەو، کێشەی لەمێژینەی ناوخۆیی کورد و عەرەب و ئەو کێشانەی پەیوەندیان بەو پرسەوە ھەبوو، لەوانە گرنگترینیان کێشەی ناوخۆیی خاک و سەرچاوەی سروشتی، ھەروەھا ئەگەری جیابوونەوەی کورد لە ئێراق.
رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق بڕوایان بە مافی رامیاری و کەلتوری کەمینەی کورد لە ئێراقدا نەبوو و ھەر رژێمە بەشێوەیەک ھەوڵی سەرکوتکردنی خەباتی رزگاریخوازی کوردیاندا و ھەوڵی تواندنەوەی کوردیان بەجۆرێ لە جۆرەکاندا. ستراتیژی رژێمی بەعس  بۆ کپکردنەوەی یەکجاری کێشەی کورد و تواندنەوەی کورد لە ئێراقدا لەدوای رێکەوتنی جەزاییر سەرکەوتوو نەبوو، ھەروەکو بزوتنەوەی چەکداری کورد ساڵێک دواتر لە ساڵی ١٩٧٦دا دووبارە ھەڵگیرسایەوە. چارەسەری رژێمی بەعس بۆ کێشەی کورد ئەمجارەیان چووە قۆناغێکی دیکەی مەترسیدارتر، رژێمی بەعس نیازی ھەبوو چارەی یەکجاری کێشەی کوردبکات،  چارەسەری یەکجاریش لەناوبردنی بەشێکی یا ھەموو کورد بوو. ئەوە بەرنامەیەک بوو شەری ئێراق وئێران دروستیان نەکرد، بەڵکو بەرنامەیەک بوو ھەبوو. لەناوبردنی بەکۆمەڵی خەڵکی سڤیل و بێدەسەلات لەبەر کوردبوون لە پرۆسەیەکی بەرفراوان و بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە چوارچێوەیەکی رێکخراودا بەڵگەی ئەو گوتنەن. رژێمی ئیراق لە بیانوو بۆ لەناوبردنی کورد یا بەشێکی گرنگی نەتەوەی کورد دەگەڕا، ھاوکاری لایەنە کوردیەکان لەگەڵ ئێران تەکانی بە پێگەیاندنی فاکتەرە گەلکوژکارەکاندا، پرۆسەی نامرۆڤاندنی کوردەکانی بەھێزکرد و راشیونالیزەکردنی پێداویستی لەناوبردنی کوردەکانی وەکو مەترسی لەسەر نەتەوەی عەرەب و ئێراق دەوڵەمەندکرد، لەھەمان کاتدا وزە و سوتەمەنیەکی گرنگی بەکارگەی گەلکوژی بەخشی و پرۆسەکەی خێراکرد. بۆیە دەکرێ بڵێین ھاوکاریەکە تیشکی سەوزی دایە سەدام حوسێن بۆ دەستوبردکردن ‌لە جێبجێکردنی چارەسەری کۆتایی و یەکجاری.
تۆ وەکو لەو سەر و بەندە وەک ئەندامێکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان چۆن پەیوەندی ئێران / سۆسیالیست ھەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەت بۆ ئەو چاڵاکیە ھاوبەشانەی ئەنجامیاندا؟
زانیاری من سەبارەت بە ھاوکاری ئێران و چالاکی ھاوبەش: من لە ساڵ ١٩٧٨ ـەوە جۆرێک لە ئاشنایەتیم لەگەڵ بزوتنەوەی سۆسیالیست ھەبوو و سۆزم بۆیان ھەبوو، لە ساڵی ١٩٨٢ دا پەیوەندیم بە سۆسیالیست کرد و بوومە ئەندامی ئەو پارتە، لە سەروبەندی گەلکوژی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٧/ ١٩٨٨ دا بەرپرسی تاکە رێکخراوی نھێنی سۆسیالیست بووم کە ئەوسا لە شاری ھەولێر ھەبوو. لەبەرئەوەی بەرەکانی جەنگ لە ئێمە دوور بوون، ئاگاداریمان لە ھاوکاری سۆسیالیست بۆ ئێران نەبوو، ئەو بابەتە ھەرگیز لەلایەن سەرکردایەتی سۆسیالیستەوە بە رێکخستەکانی ناوشار نەگەیەندرا. بۆیە ئەوسا من و ھاوکارانم لەو ھاوکاری و چاڵاکییە ھاوبەشانە بێئاگابووین. لە کۆتایی ھاوینی ١٩٨٨ دا بەنھێنی چوومە سەرکردایەتی سۆسیالیست کە ئەوسا لە گوندی کاولان بوو، ئەوسا تارادەیەک بەو ھاوکاری و ھەنگاوانەی سۆسیالیستم  زانی.
ھاوکاری حزبی سۆسیالیست لەگەڵ ئێران دوای ھاوکاری پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئێران دێت. پارتی لە کۆنەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێران ھەبوو و سەرکردایەتی پارتی لەناو زگی ئێراندا دەژیان. پارتی ھاوکاری ئێرانی لە سەرکوتکردنی خەباتی چەکداری حزبی دیموکراتی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٨٢ دا کرد، پاشان پارتی لە ساڵی ١٩٨٣ دا لە بەرەکانی حاجی ئۆمەران ھاوکاری ئێرانیان لە جەنگدا کردا  و ئەو ھاوکارییە تا کۆتایی جەنگ درێژەی ھەبوو. یەکێتی سەرەتا لەگەڵ حیزبی دیموکرات دژی ئێران شەری کرد، لە ساڵەکانی ١٩٨٣/١٩٨٤ گفتوگۆی لەگەڵ ئێراق دەستپێکرد و ھەرلەو ماویەداھاوکاری ئێراقی لەلێدانی پارتە کوردیەکانی ناو بەرەی جود کرد بۆنمونە دەورەگرتنی ھێزێکی سۆسیالسیت و شوعی  ‌کە ھاتبوونە خۆشناوەتی لە گوندی قەراسنجی بناری سەفین لە ساڵی ١٩٨٤ دا لەلایەن سوپا و جاش و ھێزەکانی یەکێتیەوە دەوریاندرا و لێیاندرا (باشم لەبیرە خەڵک دەیانگوت ئەوە قادر مستەفایە دەورەی گیرایە). دیارە یەکێتی لەگەڵ بەرەی جود لە ٨٣ ـەوە لەشەڕدابوو. دوای سەرنەکەوتنی گفتوگۆ یەکێتی لە ئێڕان نزیک بووەوە و وردە وردە ھاوکاریە سەربازیەکانی لەگەڵ ئێران چوونە ئاستێکی بەرزتر.
بزوتنەوەی سۆسیالیست / حزبی سۆسیالیست لەسەرەتای سەرھەڵدانی خەباتی رزگاریخوازی رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھاوکاری حزبی دیموکراتیان لە دژی ئێراندا کرد. نزیکبوونەوەی سۆسیالیست لە ئێران واپێدەچی دوای لاوازبوونی سۆسیالیست لە ١٩٨٣ دا دێت ، کە یەکێ لەھۆکارەکانی شەقبوونی سۆسیالیست بوو، ھەر‌وەکو زۆر لە کادیرانی خواروو بەتایبەتی دژی ئەوە پەیوەندییە بوون. وابزنم ھاوکاریەکە بەکردەوە لە دوای ساڵی ١٩٨٥ ـەوە دێت.
وەکو سەرەتا ئاماژەم بۆکرد، شەڕی ئێران و ئێراق شەری بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بوو، ئەو دوو وڵاتە ھەردوولایان داگیرکەری کوردستان بوون و دژی ئازادی خەڵکی کوردستانی ژێر دەستیان بوون. ھاوکاری لایەنە کوردیەکان لەوانە حزبی سۆسیالیست بۆ ئێران ئەوجا بەھەرشێوە و رێگەیەک بێت، ھاوکاری بوو بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیە ناسیونالیستەکانی ئێران کە جگە لە زیان بۆ بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان سوودی نەبوو. ئێران لە کۆتایی شەڕدا توانی ئەو دەستکەوتانەی کە لە ئەنجامی ریکەوتنی جەزاییر دەستی کەوتبوون بە پارێزراوی بھێڵێتەوە. ئەو دەستکەوتانە کە لەرێگەی سەرکوتکردنی بزوتنەوەی چەکداریی کورد بەدەست ھاتبوون. ھاوکاری لایەنە کوردیەکان بۆ ئێران پاراستن و جێگیرکردنەوەی ئەو دەستکەوتانە بوون! متمانە لەنێوان بەتایبەتی یەکێتی لەلایەک و لایەنەکانی دیکە لەلایەکیتر نەبوو. لایەنە کوردیەکان بەتایبەتی بەھێزەکانیان تاڕادەیەکی دیار خەریکی پاوانکردنی ناوچەکان و پاکتاوی یەکتر بوون، ئەوەش پێویستی بە خۆبەھێزکردن ھەبوو، ھەروەھا لایەنەکان لە شەڕیاندا دژی رژێمی ئێراق پێویستیان بە خۆ بەھێزکردن ھەبوو.‌ بۆ بەھێزکردنی خۆیان ئامادەبوون ھاوکاری ئێران بکەن.  ئێران خوارەدەمەنی وسوتەمەنی، چەک و تەقەمەنی دەدایە ئەوان. ئەوە ھۆکارێکی گرنگی سەرەکی ئەو ھاوکارییە بوو. بەڵام بیانوو و ھۆکاری ھاوکاری ئێران لەلایەن لایەنە کوردیەکانەوە ھەرچی بێت، ناتوانێ پاساو بۆ ئەوە بھێنێتەوە کە لایەنە کوردیەکان ھاوکاری بەدیھێنانی بەرژەوەندیەکانی ئێرانیان کرد  و دژی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان جوڵانەوە. چاڵاکی ھاوبەش ھەروەکو پێشتر گوتم، فاکتەرێک بوو کە تەکانی بە پرۆسەی گەلکوژی دژی خەڵکی کوردستان دا و تیشکی سەوزی دایە سەدام حوسێن بۆ جێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی لەناوبردنی کوردە گوندنشینەکان بەتایبەتی لە ژێرناوی پاککردنەوەی بەکرێگیراو و ناپاک و داردەستەکانی ئێران و زایۆنیزمدا. لە راستیدا ھاوکاری لایەنە کوردیەکان بۆ ئێران لەشەردا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەت ھەیە، من لێرەدا وازی لێدێنم. ‌
رێگە نەدان بە دەربازبوونی خەڵک و خۆڕزگارکردنیان لەلایەن لایەنەکانەوە، کە بووە ھۆی ئەنفالکردنی دەیان ھەزار ھاوڵاتی چۆن ھەڵدەسەنگێنن بەتایبەت لە ناوچەکانی ئەنفالی ٣ و ٤.  ‌
بەپێی گوتن و گێرانەوەکان لایەنەکان رێگریان لە خۆدەربازکردنی زۆر لە گوندنشینەکان و خەڵکی ناوچە قەدەغەکراو و تەریککراوەکان کرد، کە ناچارکراون بمێننەوە یا ڕوو لە ھێزەکانی ئێراق بکەن و خۆیان بدەنە دەست. دیارە ئەو کەسانەی کە رێگەی دەربازبوونیان لێگیرا، یا راستەوخۆ ئەنفال کران، یا خۆیان دایەدەست و پاشان بەشێکیان بەشێوەی دیکە ئەنفال کران.‌ ھەموو ئەو کەس و ئەولایەنانەی کە نەیان ھێشت ئەو قوربانیانە دەربازبن، بەرپرسیارن بەرامبەر بە لەناوچوونی ئەو خەڵکە. لایەنە کوردیەکان کە لە توانایاندا نەبوو ئاسایشی ئەو خەڵکە قوربانییە مسۆگەر بکەن، بەھیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نەبوو رێگە بەو خەڵکە کە بۆ ژیان رایاندەکرد بگرن. ئەو کردەوەیە یەکێ لەکردەوە خراپ و کوشندەکانی لایەنە کوردیەکان بوو، کە بەبێ ئەوەی ھیچ بەرنامە و ستراتیژێکیان بۆ کارەساتەکە ھەبێت، ھاتن رێگەی دەربازبوونیان لە خەڵک گرت. ئەوان زۆر کورتبینانە لە رووداوەکەیان دەڕوانی، لە گەورەیی و مەترسیداری تاوانەکە نەدەگەیشتن. ھەندێ پێیانوابوو نابێ خەڵک بڕۆن و ماڵی خۆیان بەجێبھێلن، چونکە ئەوان لە شۆرشدان و دەبێ قوربانیشبدەن. ھەندێ پێیانوابوو بارەکە کاتییە و رژێم دەکشێتەوە. ھەبوو رێگەی لە خەڵک دەگرت بێئەوەی بزانێ لەبەرچی. دەکرێ کەسی واش ھەبووبێ بەمەبەستی دەربازنەبوون رێگەی لەخەلک گرتبێ، ھەروەکو رژێمی ئێراق دارودەستەی لە ریزەکانی پێشمەرگەی لایەنەکاندا ھەبوو. دیارە بەگشتی ھێزە چەکدارەکانی لایەنەکان لەوە دەترسان کە ئەگەر خەڵک بڕوات و ناوچەکان چۆڵ بن، ئەوانیش ناتوانن لەو ناوچانەدا بژین. بۆیە یەکێ لەھۆکارە گرنگەکانی پێشگرتنی خەڵک پەیوەندی راستەوخۆی بە ئەگەری مانەوەی ئەوان خۆیان ھەبوو. ھەندێ لە ھێزەکانی لایەنەکوردیەکان بەکردەوە دەستیان بە تاڵان و راووڕووت کرد بۆنمونە تاڵانکردنی بانکی ھەلەبجە، ئەوە کردەوەیەکی زۆر ناشیرن بوو و شکۆ و متمانەی پێشمەرگەی لای خەڵک زۆر شکاند، ئەو تالانکردن و راوورووتە ھەرگیز لێی نەکۆڵدرایەوە و تاوانبارانی سزا نەدران. ئەو بابەتە گرنگە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت و راستیەکان ئاشکرا بکرێن.‌
گوندنشینەکان کە کەوتبوونە نێوان دوو ھێزی سوپای ئێراق لەلایەک و ھێزەکانی پێشمەرگە لەلایەکیتر، ھەمیشە لەژێر گوشاردا بوون، ئەو خەڵکە لەدەست ئەو دوو بەرەیەدا بێدەسەڵات بوون، دەبوایە ئەوە بکەن کە ئەو ھیزانە دەیانویست. جگەلەوەی لەبارێکی سەخت و دژواری ئاسایش و ئابووریدا دەژیان، ژیانی ھێزەکانی پێشمەرگەش کەوتبووە سەرشانی ئەوان. لەشاڵاوەکەی ئەنفالدا ھێزی پێشمەرگە کە خۆی وەکو پشتیوانیکەر و پارێزەری خەڵکی کوردستان پیشان دەدا نەک فریایان نەکەوت بەڵکو پێشیان بە دەربازبوونی گەلێکیان گرت، بەمشێوەیە بوونە ھۆی لەناوچوونی بەشێکیان. کاتێ ھێزەکانی پێشمەرگە بەرگەی شاڵاوەکانی ھێزەکانی سوپای ئێراق و کیمابارانیان نەگرت، ئەوانیش ناچاری راکردن کران. وەکو بینیمان زۆری نەبرد پێشمەرگە و خەڵک بەیەکەوە ھەوڵی خۆ دەربازکردنیان دەدا.
ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە ئەو لایەنانەی رۆڵیان ھەبووە، لەو کردەوانەی سەرەوە و تاڵانی برۆی خەڵک نمونە بانکی ھەڵەبجە داوای لێبوردن بکەن.
لە روانگەیەکی مۆرالیانەی مرۆڤانەوە تاوانبار لەسەریەتی داوای لێبوردن لە قوربانیەکەی بکات. داوای لێبوردن کردن یەکەم ھەنگاوی گرنگی ئەرێنییە کە تاوانبار بەرامبەر بە قوربانیەکەی پێی ھەڵسێت. ئەو کەسەی بەنیازپاکی داوای لێبوردن دەکات، ئامادەی ئەنجامەکانیشە، کە دەکرێ ھەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت، وەکو سزادان بەشیوەی جۆراوجۆرھەروەھا قەرەبووکردنەوەی قوربانیان.
سەبارەت بە تاوانکاری داوای لێبوردن کاتێک ھەنگاوی بۆدەندرێت کە بکەری راستەوخۆ یا نوێنەری رێکخراو/دامەزراوی بکەر لەوە دەگات کە چ تاوانێکی کردووە، دان بەتاوانەکەیدا دەنێت و پەشیمانی دەنوێنیت، پاشان بیرلەوە دەکاتەوە چۆن و بە چ رێگەیەک، بە چ  دەربڕینێک داوای لێبوردن بکات و لەبەرچی داوای لێبوردن دەکات. کاتێ داوای لێبوردنەکە بەکردەوە روودەدات، تاوانبار مەبەستیەتی ئەوەی ئازاری داوە یا زیانی پێگەیاندووە دڵی بداتەوە، ھەوڵ دەدات متمانەی تێکشکێندراو و نەماو بنیاتبنێتەوە، ئامادەیی بۆ سزادانی دادوەرانە ھەیە، ئەنجامەکانی خراپەکاری و تاوانکاریەکەی پەسندە. ‌ھەروەھا ھەوڵی لانی کەمی چاکبوونەوە و ئاشتبوونەوە لەوێوە دەست پێدەکات. لەھەمان کاتدا ھەوڵی وەرگرتنەوە و متمانە پێکردنەوە لەلایەن گروپ یا کۆمەڵگەی خۆیەوە دەدات.‌
ئەگەر کەسێک لە ڕابردوودا بەجۆرێک لە تاوان ھەلسابێت، یا بەکردەوەیەک ھەلسابیت و زیانی بە خەڵک گەیاندبیت، لەھەموو بارێکدا لەسەریەتی بەرەوڕووی رابردووی ببێتەوە، دان بەھەڵە و تاوانەکانیدا بنیت. ئەگەر ئەو کەسە لەچوارچیوەی رێکخراوێک یا دامەزراوێک تاوانکەی ئەنجام دابێت و ئەرکی ئەو رێکخراوەی بەجێگەیاندووە، لەوبارەدا کەسی تاوانبار و رێکخراوەکە یا دامەزراوەکە ئەرکی ئەوەیان دەکەوێتەسەرداوای لێبوردن لە قوربانیان بکەن.‌ ئەگەر ئەو کەسە دەسەڵاتداربێت یا لە دەسەلاتدا بەرپرس بێت، ئەو ئەرکە زیاتر دێتەوە پیشەوە و خۆی دەسەپینیت، پێویستە یەکودوو لە دانپێنان بە کردەوە و تاوانەکانی رابردوو نەکرێت ، ھەرچی زووترە داوای لێبوردن لە قوربانیان بکات و ھەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە بندرێن.
کارەساتی گەورە کە لە ئەنجامیدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک بوونەتە قوربانی زامێکی گەورەی لە مێژووی کۆمەڵگەدا و ژیانی کۆمەڵگەدا دروست کردووە. داننان بە تاوان و داوای لێبوردن کردن ھەروەھا بەرەورووبوونەوەی ئەنجامەکان یەکێکیە لە بنچینە گرنگەکانی پرۆسەی گەیشتن بەدادوەری، ئاشتبوونەوە و چارەسەری بنەرەتیانەی دووبارەنەبوونەوەی تاوانەکا‌ن. بەپێچەوانەوە خۆبواردن لە داوای لێبوردن کردن لەبەر ھەر ھۆیەک بێت، نکۆڵیکردنەوە لە تاوانەکانی رابردوو، خۆنەدانەدەست و بڕوانەبوونە بە دادوەری، ملنەدانە بۆ ئەنجامەکانی تاوانکاریەکان، کردنەوەی دەرگەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکانە،‌ لەگۆڕنانی پرۆسەی ئاشتبوونەوەیە. ‌
داوای لێبوردن کردن تەنھا بەگوتن و ببێ ھیچ ھەنگاوێکی دیکەی دادوەری و چاککردنەوە سوود بەپرۆسەی ئاشتبوونەوە ناگەیەنێت و ئازارەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو دەکرێ مەبەستی خراپی بەکارھێنان  لەپشتی گوتنەکەدا ھەبێت. ھەروەکو جۆرێکە لە ڕەتکردنەوەی پرۆسەی بەرەورووبوونەوەی دادگا و ملدان بۆ سزای دادوەرانە، رەتکردنەوەی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانە، ھەروەھا ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوان بە کراوەیی دەھێڵێتەوە. بۆنمونە داوای لێبوردنەکەی مەسعود دبارزانی سەبارەت بە قوربانیانی شەڕی ناوخۆ، کە دوای ئەوە ھەنگاوەکانی دانپێنان و ئاشکراکردنی راستیەکان، ھەنگاوە دادوەریەکان نەھاتن، پرۆسەی قەرەبووکردنەوە نەھات، ھەروەھا ئەگەرچی ئەو وەکو سەرۆکی پارتێکی سەرەکی شەڕی ناوخۆ پشکی لە تاوانەکان بەجۆرێ لە جۆرەکاندا ھەبووە، بەڵام ئەو و ھاوکارانی یا پارتەکەی بەرەوڕووی ھیچ ئەنجامێکی تاوانەکانیان نەبوونەوە. بۆیە داوای لێبوردنەکە لەراستیدا کۆمەڵێ رەتکردنەوە وەکو ئاماژەمان بۆ کردن دەگرێتەخۆی. جگەلەوەی ئەو ئەم داوای لێبوردنە بەخراپ بەکاردەھێنیت کە وەکو لێخۆشبوون و خۆپەراند‌نەوە لە تاوانەکان بەکاریدەھینێت، بەبێ ئەوەی قوربانیان رێگەی ھیچ  گوتن و ھەڵوێستێکیان پێ بدرێت.
یا بۆنمونە داوای لێبوردنەکەی ئەردۆگان سەبارەت بە تاوانی گەلکوژی دەرسیم، کە بەجۆرێ لەجۆرەکان دان بەتاوانەکەدا دەنێت، بەڵام تاوانەکە لەسەرخۆی وەکو سەرۆکی تورکیا لادەبات، لەسەرتورکیا وەکو ستات لادەبات، لە قورسایی گەورەیی کارەسات و تاوانەکە کەمدەکاتەوە، تاوانەکە دەکاتە گەمەیەکی رامیاری دژی پارتە نەیارەکەی و بەتاوانەکە تاوانباری دەکات. لە کاتێکدا تەنھا بەگوتن جۆرێک دوان لەسەر بوونی تاوانەکە کراو ھیچی دیکەی بەدوادا نەھات، لەمبارەدا داوای لێبوردنەکە ناچێتە خانەی داوای لێبوردن کردن لە گەلی قوربانی.
ھیچ گومان لەوەدا نییە کە ئەو کەس و لایەنانەی کە رێگەیان لە دەربازبوونی ھاوڵاتیان گرت، یا دەستیان لە تالانکردندا ھەبووە، لەسەریانە کە دان بەھەلەکیان و تاوانەکانیاندا بنێن، داوای لێبوردن لە خەڵکە قوربانیەکە بکەن، پرۆسەیەک بۆ ئاشکراکردنی راستی ڕووداوەکان پێکبھێندرێت، پرۆسەی داداگییەکی دادوەرانە دەستپێبکات، قەرەبووی خەڵکە قوربانیەکە بکرێتەوە. لەھەمان کاتدا لەسەر پارتەکانیانە کە دان بە تاوان و کردەوە نەرێنیەکان بنێت، داوای لێبوردن لە قوربانیان بکات و ملکەچی خۆی بۆ ئەنجامەکانی پرۆسەی دادوەرانەی داوای لێبوردنکردن دەربخات.
کە کەسە تاوانبارەکان و پارتەکانیان ئامادەنین داوای لێبوردن بکەن یا خۆیان لەو پرسیارە گێل دەکەن، ئەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان نکۆڵیکردنە لە کردارە نەرێنیەکان و تاوانکاریەکانیان، رەتکردنەوەی پرۆسەی دادوەرانەی داوای لێبوردنکردنەیە بەگشتی.

ژمارەی بینین:  3828      بەروار:  18/03/2014
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.