کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  چاوپێکه‌وتنی گۆڤاری دێرشپیگل له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش
چاوپێکه‌وتنی گۆڤاری دێرشپیگل له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش

چاوپێکه‌وتن: هه‌سنین کازیم
و. له‌ ئه‌ڵمانییه‌وه‌: هیوا ناسیح

هه‌فته‌ی رابردوو گۆڤاری به‌ناوبانگی (دێرشپیگل)ی ئه‌ڵمانی ، که‌ له‌ ژماره‌ ٣٢ی ٣ی ئابدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ و سه‌رکرده‌ی کارێزمی کورد له‌ باکوری کوردستان سازکردوه‌. له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا کۆمه‌ڵێک پرسی گرنگ وروژێنراوه‌، وه‌ک پێشبینی بۆ ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنێک له‌ داهاتوودا و ژماره‌ی چه‌کداره‌ کورده‌کانی نێو داعش، هه‌روه‌ها ناوبراو وه‌‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی پراگماتیی کورد، زیره‌کانه‌ توانیویه‌تی، وڵامی گونجاوی پرسیاره‌کان، به‌ گوێره‌ی عه‌قڵی ئه‌وروپی و له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌مرۆی سیاسه‌تی ئه‌وروپا و رۆژئاوا بداته‌وه‌.

دێرشپیگل: به‌رێز ده‌میرتاش، ئێوه‌ به‌سه‌رکه‌وتنه‌که‌تان پێش دوو مانگ بوونه‌ هیوا بۆ خه‌ڵکێکی زۆر له‌ ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تورکیا، گۆرانکارییه‌کی موژده‌به‌خشی دیموکراتیانه‌ روویدا. به‌‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین ره‌وشێکی وا هاتۆته‌ ئاراوه‌، که‌ دۆخێکی هاوشێوه‌ی شه‌ڕی ئه‌هلی بگه‌رێته‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ره‌و کوێ د‌ه‌ڕوات؟؟
ده‌میرتاش: ئه‌که‌په‌ واته‌ پارته‌که‌ی ئه‌ردۆگان به‌ ئاگاییه‌وه‌ ره‌وشه‌که‌‌ی به‌و ئاقاره‌دا بردوه. تا هه‌‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی شه‌ش ئه‌و پارته‌ زیاتر له‌‌ ده‌یه‌یه‌ک خۆی به‌ ته‌نها حوکمی تورکیای کردوه‌. ئه‌وان نه‌یانتوانی رێگری له‌ سه‌رکه‌وتنه‌که‌ی ئێمه‌ بکه‌ن، ئینجا بڕیاریاندا، که‌ ئاژاوه‌ بخه‌نه‌ وڵاته‌وه‌، ته‌‌نها به‌م جۆره‌ ده‌کرێت شه‌ریان دژی پارتی کرێکاران تێبگه‌ین.
دێرشپیگل: ئێوه‌ راتانگه‌یاند، که ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) له‌ سوروچ، که‌ تێیدا ٣٢ که‌س بوونه‌ قوربانی، سیناریۆیه‌که‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ دانرا بوو، ئایا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کتان هه‌یه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌؟؟
ده‌میرتاش: ئه‌گه‌ر ئێوه مه‌به‌ستتان به‌‌ڵگه‌ بێت، که تێوه‌گلانی حکومه‌ت ده‌ربخات، ده‌‌بێت بڵێم: ‌نه‌خێر نیمانه‌. به‌ڵام ئاماژه‌ و نیشانه‌ی روون هه‌یه‌. لێکۆڵینه‌وه‌‌کانی ئێمه‌‌ ده‌‌ڵێن: که‌ حکومه‌تی ئه‌که‌په‌ ئاسانکاری بۆ هێرشه‌که‌ی داعش کردوه‌. ئه‌وان چه‌ندان ساڵ خه‌ڵکه‌ چالاکه‌ توندڕه‌وه‌کانیان له‌ تورکیادا پشتگوێخستوه و رێگرییان لێنه‌کردون.
دێرشپیگل: ئه‌ی ڕاتان چییه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌ کوشنده‌کانی پارتی کرێکاران بۆ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی تورکیا؟ ئه‌مانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌وان رێکخراوێکی تیرۆریستین؟
ده‌میرتاش: من نازانم پارتی کرێکاران بۆ ئه‌و ئه‌و کارانه‌ی کردوه‌. ده‌بێت ئه‌م کارانه‌ نه‌کات. ئه‌وانه‌ ره‌فتاری راست نین. ئێمه‌ داوا له‌ حکومه‌تی تورکیا و پارتی کرێکاران ده‌که‌ین، چه‌که‌کانیان بێ ده‌نگ بکه‌ن. ده‌بێت که‌ هه‌ردوولایان هاوئاهه‌نگ ئاگربه‌س بکه‌ن.
دێرشپیگل: پارتی کرێکاران راسته‌وخۆ دوو پۆلیستی کوشت، ئه‌مه‌ پێش بۆردومانه‌کانی تورکیا بوو.
ده‌میرتاش: ئه‌و کاره‌ رووداوێکی ڕه‌ش و قێزه‌ون بوو، که‌ په‌رچه‌کردارێک بوو بۆ ته‌قینه‌وه‌که‌ی سوروچ، له‌ لایه‌ن یه‌که‌یه‌کی ناوچه‌یی (لۆکالی)ی پارتی کرێکارانه‌وه‌ ئه‌نجام درا. پارتی کرێکاران لێپرسراوێتی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرت. من لام وایه‌، که‌ ویستیان به‌مه ته‌حه‌ددای حکومه‌ت بکه‌ن.
دێرشپیگل: ره‌خنه‌گرانی ئێوه‌ وای بانگه‌شه‌ ده‌که‌ن، که‌ هه‌ده‌په‌ و پارتی کرێکاران هه‌ر یه‌کن. ئایا په‌یوه‌ندیه‌کی نزیک پێکتانه‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌؟
ده‌میرتاش: هه‌ڵبه‌ت پێکگه‌یشتنمان هه‌بووه‌، ئێمه‌ له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئاشتیدا له‌ ساڵانی رابردوودا  له‌سه‌ر یه‌ک مێز دانیشتوین پێکه‌وه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رابه‌ری پارتی کرێکاران عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش له‌ زیندانه‌که‌ی خۆی، له‌ دوورگه‌ی ئیمرالی له‌ ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه‌ گفتوگۆمان کردوه‌. قسه‌ی ئه‌و قورساییه‌کی زۆری بۆ بزوتنه‌وه‌که‌ی هه‌یه. ئه‌مه‌ی ئێمه‌ نێوانگیری بووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا. به‌ڵام ئه‌‌مه‌ هه‌رگیز به‌و مانایه‌ نایه‌ت، که‌ ئێمه‌ په‌یوه‌ندی رێکخراوه‌ییمان پێکه‌وه‌ هه‌بێت. ئێمه‌ باڵی سیاسی پارتی کرێکاران نین، وه‌ک نه‌یاره‌کانمان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌‌‌ن.
دێرشپیگل: ترسی قه‌ده‌غه‌کردنی پارته‌که‌تان نییه، وه‌ک هێڵی توندی ئه‌که‌په‌ داوای ده‌که‌ن؟
ده‌میرتاش: هه‌رچه‌نده‌ له‌ تورکیادا دادگا سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵام له‌و بڕوایه‌دا نیم، که دادگای ده‌ستوری بڕیارێکی وا بدات. ئه‌ردۆگان خۆشی باش ده‌زانێ، که‌ ناتوانێ هه‌ده‌په‌ به‌ ئاسانی قه‌ده‌غه بکات، به‌ڵام ئه‌و ده‌‌یه‌‌وێت یاساپارێزی له‌سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێکمان هه‌ڵگیرێت، که‌ ئه‌و وه‌ک تیرۆریست پێناسه‌یان ده‌کات. ئه‌و ده‌یه‌وێت پارته‌که‌مان تاوانبار بکات و ناشرینی بکات، تا کارکردنی ئاشکرا و پشتگیریی گشتیمان لێ که‌مبکاته‌وه‌.‌
دێرشپیگل: رۆژی پێنجشه‌ممه‌ داواکا‌ری گشتی تورکیا رایگه‌یاند، که‌ دژی به‌رێزت پرۆسه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ پشتگیری و هاندانتان بۆ خۆپیشاندانی چه‌کداریی هه‌بووه‌.
ده‌میرتاش: چونکه‌ ئه‌و له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسه‌کانی گه‌نده‌ڵی دژی خۆی ده‌ترسێت، ئه‌ردۆگان ناتوانێت له‌ده‌ستدانی ده‌سته‌ڵاتی زیاتر قبوڵ بکات. له‌و کاته‌وه‌ که‌ زۆرینه‌یان له‌ ده‌ستداوه‌، وا هه‌ست ده‌کات خزێنراونه‌ته‌ گۆشه‌یه‌که‌وه‌. ده‌یه‌وێت سه‌رنجه‌کان به‌ لایه‌کدا به‌رێت، بۆیه‌ بۆ پیلان ده‌گه‌ڕێت، که‌ رایکێشێته‌ ناو پێکدادانه‌وه‌، سکاڵاکه‌ش له‌سه‌ر من هه‌ر له‌و میانه‌دایه‌.
دێرشپیگل: له‌ مانگی شه‌شه‌وه‌ هیچ هاوپه‌یمانییه‌ک پێکنه‌هات، ئایا پاش ئه‌م گرژییانه‌ی ئه‌م دواییه‌ هه‌ڵبژاردنێکی نوێ ئه‌نجام ده‌درێت؟
ده‌میرتاش: ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌یه‌ و ده‌کرێت بڵێین له‌سه‌دا په‌نجا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌. ده‌توانم بڵێم، که‌ له‌م ره‌وشه‌ی ئێستادا هاوپه‌یمانیه‌تێکی نێوان هه‌ده‌په‌ و ئه‌که‌په‌ بیری لێناکرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر گه‌یشته‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش، ئه‌وا توندوتیژی و تیرۆر دژی ئێمه‌ ده‌خه‌نه‌کار. به‌ڵام من بڕوام وایه‌، که‌ خه‌ڵک وه‌ک هه‌ڵبژاردنی پێشتر، ئێمه‌ وه‌ک هه‌لی ئاشتی ده‌بینن. ئه‌که‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگی زۆرتر له‌ ده‌ست ده‌دات. ئێمه‌ش له‌سه‌دا ١٣ ی رابردوش تێده‌په‌رێنین.
دێرشپیگل: رابه‌ری پێکاکا ئۆجه‌لان له‌سه‌ر ره‌وشی ئێستا چی ده‌ڵێت؟
ده‌میرتاش: نازانم، ئه‌و ئێستا به ‌ته‌واوی له‌ ژووره‌ زیندانه‌که‌ی خۆیدا دابڕێنراوه‌. چوار مانگه‌ هیچ که‌سێک له‌ پارێزه‌ره‌کانی، که‌سوکاره‌که‌ی وه‌ هیچ سیاسییه‌ک قسه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کردوه‌.
دێرشپیگل: حکومه‌تی تورکیا رایگه‌یاندوه‌، که‌ ئه‌و به‌ یه‌کسانی شه‌ڕی (تیرۆرسته‌کان) ده‌کات، بۆچی به‌رێزتان وایده‌بینن، که‌ له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا جه‌نگه‌که‌ی‌ دژی کورده‌؟
ده‌میرتاش: با به‌ ژماره‌ زیانی هه‌ڵکوتانه‌‌کانی پۆلیس بۆ سه‌ر خه‌ڵک له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌ربگرین: چه‌ند لایه‌نگرانی داعشیان تێدابوو؟ ده‌، بیست، تا سی که‌سێک؟ به‌ڵام نزیکی هه‌زار کورد، که‌ زۆربه‌یان گه‌نج و لاون گیراون، وه‌‌ک پاساو له‌ نێو ئه‌مانه‌دا لایه‌نگرانی پێکاکای تێدان. ئه‌م ژمارانه‌ هه‌موو شتێکمان پێ ده‌ڵێن.
دێرشپیگل: ئایا پاش هه‌‌ڵبژاردنه‌که چاوه‌ڕوانیی ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنانه‌ت ده‌کرد؟
ده‌میرتاش: من پێش هه‌ڵبژاردنه‌که‌ پێشبینی هه‌ر سه‌رشێتییه‌کم له‌ ئه‌ردۆگان کردوه‌. ئه‌و ئاماده‌یه‌ هه‌موو وڵات بخاته‌ ئاگره‌وه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی له‌ کیس نه‌چێت. له‌ ده‌مێکه‌وه‌ ئێمه‌ ئه‌زمونی جێگا سه‌رنجیمان کردوه‌. پرۆسه‌ی پڕزه‌حمه‌تی دیموکراتییه‌ت ده‌چێته‌ دواوه‌، رۆژ به‌ رۆژیش خراپتر ده‌بێت.
دێرشپیگل: وای ده‌بینن که‌ وڵات بکه‌وێته‌ ناو جه‌نگێکی ناوخۆ وه‌ک ساڵانی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ته‌کان، کاتێک پێکاکا و سوپا شه‌ریان بوو وه‌ زیاتر له‌ ٤٠ هه‌زار که‌س بوونه‌ قوربانی؟
ده‌میرتاش: نا، ئه‌مه‌ کۆمه‌ڵگای تورکیا قبوڵی ناکات. نایه‌وێت خوێنی زیاتر بڕژێت. ئه‌که‌په‌ ئه‌م ئاژاوه‌یه‌ی ده‌وێت، تا خۆی وه‌ک به‌هێز پیشان بدات. به‌ڵام رام وایه‌، هه‌رگیز وڵات ناکه‌وێته‌ ناو شه‌ری ناوخۆوه‌.
دێرشپیگل: له‌وانه‌یه‌ تۆ بتوانیت، ئه‌مه‌ش به‌ پێکاکا بگه‌یه‌نیت، که‌ کوشتنی پۆلیس و سه‌ربازیش لێسراوێتییه‌ به‌رامبه‌ر ئاژاوه‌ و جه‌نگ.
ده‌میرتاش: من دڵنیام، که‌ پێکاکا ئاگربه‌س قبوڵ ده‌کات، ئه‌گه‌ر لایه‌نی تورکیاش پێوه‌ی په‌یوه‌ست بن. گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆمبابارانکردنه‌که‌ بوه‌ستێنێ و هه‌ڵمه‌تی ده‌سگیرکردن و ئۆپه‌راسیۆنه‌‌کانی شاره‌کان دژی پێکاکا رابگرێت، وه‌ پرۆسه‌ی ئاشتییه‌که‌ ده‌ستپێبکاته‌وه‌، ئه‌‌و کات هه‌مان رۆژ ئاگربه‌س ده‌بێت.
دێرشپیگل: خۆکوژه‌که‌ی سوروچ وه‌ک ده‌ڵێن کوردێک بووه‌. ئایا چه‌ند کورد له‌ ریزه‌کانی داعشدا ده‌جه‌نگێن وه‌ بۆچی؟
ده‌میرتاش: ئێمه‌ بیستومانه‌ که‌ زیاتر له‌ هه‌زار کورد له‌ نێو داعشدان. مه‌یل و لایه‌نگیری بیروڕای سیاسی په‌یوه‌ندی به‌ ئیتنی مرۆڤه‌کانه‌وه‌ نییه‌. ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ نایانپارێزێت. ئێمه‌ لێره‌وه‌ فێرده‌بین، که‌ ده‌بێت پرۆگرامی نوێ دابنێین، تا رێگیری له‌وه‌ بکه‌ین، گه‌نجه‌کانمان به‌ توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن.
دێرشپیگل: له‌ لایه‌که‌وه‌ ئه‌مریکا پشتگیری له‌ کورد ده‌کات له‌ شه‌ریدا دژ به‌ داعش، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ به‌رامبه‌ر بۆمبابارانکردنی تورکیا بۆ مۆڵگه‌ی کورده‌کان له‌ باکوری عێراق و سوریا بێده‌نگن. ئایا وا هه‌ست ده‌که‌ن واشینگتۆن ناپاکی لێکردون؟
ده‌میرتاش: کورده‌کان په‌یمانی لێپسراوبوونی هێمنی و ئارامی و ئاشتی ناوچه‌که‌ ده‌ده‌ن. کاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ کورددا پێویست به‌ ئاسایشی هه‌موو وڵاته‌ به‌شداره‌کان هه‌یه‌. من ره‌خنه‌ له‌ ئه‌مریکا ده‌گرم، که‌ رێگه‌یاندا هێزی هه‌وایی تورکیا بۆمبابارانی مۆڵگه‌کانی پێکاکا له‌ قه‌ندیل، واتا باکوری عێراق بکات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تیان بدات بنکه‌ی هه‌وایی ئینچه‌رلیک دژ به‌ داعش به‌کاربهێنن، ئه‌م حسابه‌ وا نابێت.
دێرشپیگل: ئایا هه‌ڵوێستی حکومه‌تی ئه‌ڵمانیات پێ په‌سه‌ندتره‌؟
ده‌میرتاش: ئه‌ڵمانیا ستایشی هێرشه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر داعش ده‌کات، به‌ڵام ره‌خنه‌ی بۆمبابارانکردنی ناوچه‌ کوردییه‌کانی لێ ده‌گرێت. من وای ده‌بینم، که‌ سیاسه‌تی ئه‌ڵمانیا باشتر له‌ ره‌وشه‌که‌ تێگه‌یشتوه‌.
دێرشپیگل: پێویسته‌ ناتۆ فشار بخاته‌ سه‌ر ئه‌ندامه‌که‌ی خۆی - تورکیا؟
ده‌میرتاش: تورکیا سه‌رکه‌وتوو بوو، که‌ ڕازیبوونی ئه‌مریکای بۆ دروستکردنی ناوچه‌یه‌کی پارێزگاریی له‌ باکوری سوریا وه‌رگرت. ناتۆش ده‌توانێت پشتیوانی ئه‌مه‌ بکات، به‌ڵام بۆ کورده‌کانی ئه‌وێ ئه‌مه‌ خراپه‌. حکومه‌تی ئه‌نکه‌ره‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ دژ به‌وان به‌کار دێنێت. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ناوچه‌یه‌کی وا دروستبکرێت، ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌ کوردیه‌کاندا به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجام بدرێت.
دێرشپیگل: ئایا له‌ خه‌می تورکیا ده‌گه‌یت، که‌ کورده‌کانی سوریا هه‌وڵ بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن؟
ده‌میرتاش: کورده‌کانی سوریا پارچه‌کردنی وڵاته‌که‌یان ناوێت. به‌ڵام حه‌زیان له‌ ئۆتۆنۆمی زیاتره‌، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خۆیان به‌رێوه‌به‌رن. بۆیه‌ پێویست ناکات تورکیا ترسی هه‌بێت. بۆچی ده‌بێت ئه‌مه‌ مه‌ترسی بێت بۆ سه‌ر سنوری تورکیا؟ ئه‌نکه‌ره‌ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزتری له‌گه‌ڵ کورده‌کانی ئه‌وێ هه‌بێت. خۆ داعش له‌ سه‌ر سنوره‌کانی تورکیا زۆر مه‌ترسیدارتره‌.

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ ژماره‌ ٤٩٠ ی رۆژی ١١/٨/٢٠١٥ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
ژمارەی بینین:  3292      بەروار:  13/08/2015
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.